بەڕێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی گەرمیان سەردانی قائیمقامی کەلاری کرد و چەند تەوەرێکی گرنگ تاوتوێ کرا
کەلار – گەرمیانان
ئەمڕۆ، بەڕێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی گەرمیان سەردانی قایمقامیەتی قەزای کەلاری کرد و لەلایەن عارف حاجی عادل، قائیمقامی کەلارەوە پێشوازی لێکرا. لە دیدارەکەدا، کە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و یەکخستنی کارەکان ڕێکخراوبوو، چەندین پرسی پەیوەندیدار بە دابەشکردنی خۆراکی مانگانە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان خرانە باسی وردەوە.
ئامانج و تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتی بوون لە:
- ڕێکخستنەوەی کارەکانی بریکارەکانی خۆراک: قسە و باسی ورد کرا لەسەر چۆنیەتیی باشترکردنی کار و ئاسانکاری بۆ مامەڵەی هاووڵاتییان لە قەزای کەلاردا.
- مامەڵەی جیابوونەوەی هاوسەران: تیشک خسترایە سەر پرۆسەی جیاکردنەوەی مامەڵەی هاووڵاتییان و زیادکردنیان، بەتایبەت ئەو هاوسەرانەی جیابوونەتەوە، و چۆنیەتیی تۆمارکردنەوەیان لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنی ئەلکترۆنییەوە.
- میکانزمی دابەشکردنی غاز: لە تەوەرێکی تردا، گفتوگۆیەکی چڕ کرا لەسەر ڕێکارەکانی دابەشکردنی غازی ماڵان بەسەر هاووڵاتییاندا، هاوکات دابینکردنی غاز بۆ فڕنی سەموون و نانەواخانەکان بۆ ڕێگریکردن لە هەر قەیرانێکی سوتەمەنی.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، قائیمقامی کەلار وێڕای دەستخۆشی لە کار و هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، پشتڕاستی کردەوە کە ئامادەن بۆ ههموو هاوکاری و ههماههنگییەک لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری دانیشتووانی قەزاکە و جێبەجێکردنی ئەو پێشنیار و ڕاسپاردانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو.
سەرچاوە: ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی گەرمیان
,