قایمقامی کەلار و بەڕێوەبەری بازرگانیی خۆراکی گەرمیان لەسەر ڕێکخستنی مامەڵەی بریکارەکانی خۆراک و دابەشکردنی غاز کۆبوونەوە
کەلار – گەرمیانان
ئەمڕۆ، بەڕێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی گەرمیان سەردانی قایمقامیەتی قەزای کەلاری کرد و لەلایەن عارف حاجی عادل، قایمقامی کەلارەوە پێشوازی لێکرا. لە دیدارەکەدا، چەندین تەوەرەی گرنگ پەیوەست بە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و ڕێکارگەلێکی کارگێڕی تاوتوێ کران.
ئامانجی سەرەکی سەردانەکە بریتی بوو لە هەماهەنگی و یەکخستنی تێگەیشتن لە کار و ئەرکەکانی بریکارەکانی خۆراک لە سنووری قەزای کەلاردا، بەتایبەت لە بواری ئاسانکاری بۆ مامەڵەی هاووڵاتییان و زیادکردنی ژمارەیان.
لە گرنگترین تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە:
- مامەڵەی هاووڵاتییان و جیاکردنەوەی هاوسەران: جەختکرایەوە لەسەر خێراکردنی ڕێکارەکانی تایبەت بە مامەڵەی جیابوونەوەی هاوسەران و دووبارە تۆمارکردنەوەیان لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنی ئەلکترۆنییەوە.
- میکانیزمی دابەشکردنی غاز: لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆیان لەسەر ڕێکارەکانی دابەشکردنی غازی ماڵان کرد بەسەر هاووڵاتییاندا، هەروەها دابینکردنی پێداویستییەکانی فڕنی سەموون و نانەواخانەکان.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، قایمقامی کەلار وێڕای دەستخۆشی و بەخێرهاتنی شاندی میوان، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پێشنیار و راسپاردەکانی کۆبوونەوەکە دەربڕی و جەختی لەسەر گرنگیی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی قەزاکە کردەوە.
(ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی کەلوپەلی خۆراکی گەرمیان)
,