تەندروستی گەرمیان پلانی نوێ بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە قەزای ڕزگاری ڕادەگەیەنێت
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان بە یاوەری قایمقامی قەزای ڕزگاری، سەردانی نەخۆشخانەی گشتی شەهید د. قاسم و مەڵبەندی تەندروستی گەرمیانی لە قەزای ڕزگاری کرد، بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی دۆخی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و لەنزییکەوە ئاگاداربوون لە کێشە و کەموکورتییەکان.
لە سەردانەکەدا، بەرپرسانی تەندروستی و ئیدارەی قەزاکە هەڵسەنگاندنیان بۆ ڕەوشی ئێستای دامەزراوە تەندروستییەکان کرد و چەند بڕیار و پلانێکیان بۆ پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی لە قەزاکە خستەڕوو.
گرنگترین خاڵەکانی سەردانەکە و بڕیارە دراوەکان:
- پەرەپێدانی نەخۆشخانەی شەهید د. قاسم: بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان جەختیکردەوە کە خزمەتکردنی دانیشتوانی قەزای ڕزگاری ئەرکێکی پیرۆز و گرنگە، بۆیە پلانی تایبەت دانراوە بۆ باشترکردن و پێشخستنی خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشخانەی گشتی شەهید د. قاسم، لەوانەش دابینکردنی پزیشکی پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەکاندا و فەراهەمکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان.
- گۆڕینی مەڵبەندی تەندروستی گەرمیان بۆ مەڵبەندێکی خۆپارێزی: بڕیاردراوە مەڵبەندی تەندروستی گەرمیان بکرێتە مەڵبەندێکی تایبەت بە خۆپارێزی، بە شێوەیەک سەرپەرشتی کاروباری خۆپاراستن، چاودێریی بازاڕ، پێدانی مۆڵەتی تەندروستی، سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکانی کوتان و چاودێریی تەندروستی گشتی بەڕێوەببات.
ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندا دێن بۆ ڕێکخستن و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و دابابینکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ دانیشتوانی قەزای ڕزگاری و دەوروبەری، بە جۆرێک کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییە تەندروستییەکانی هاووڵاتییان بێت لە ناوچەکەدا.