بابەتی بێناونیشان 4249
بەشی ددان و کۆگای دەرمان لە کفری دەکرێنەوە هەردوو بەشی ددان و کۆگای دەرمان لە نەخۆشخانەی فێرکاریی گشتی لە کفری دەکرێنەوە، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیانیش لە سەردانێکدا لەنزیکەوە ئاگاداری خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی ئەو بەشانە و ناوەندە تەندروستییەکانی دیکەی قەزای کفری بوو. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، د. محەمەد ئازاد، سەردانی قەزای کفری کرد. سەرەتا سەردانی قایمقامیەتی قەزاکەی کرد و پاشان لەگەڵ ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری، سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاریی گشتی شەهید خالد گەرمیانییان کرد. لەو سەردانەدا نەخۆشخانەکەیان بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە ئاگاداری خزمەتگوزارییەکان بوون و گوێبیستی داواکارییەکان بوون. هاوکات هەردوو بەشی ددان و کۆگای دەرمانیان بەسەرکردەوە کە تازە کراونەتەوە. بەڕێوبەری گشتی هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و بەڵێنی دا بەپێی توانا هاوکارییان بکات بۆ برەودانی زیاتر بە خزمەتگوزارییەکانیان. پاشان سەردانی نەخۆشخانەی ژنان و مناڵانی حاجی فارس داردرێژیان کرد لە قەزاکە و لە نزیکەوە ئاگاداری کاروبارەکان و خزمەتگوزارییەکان بوون. بەدوای ئەو سەردانە، بەڕێوبەەی گشتی تەندروستی گەرمیان سەردانی مەڵبەندی تەندروستی سەرەکی کفری کرد، لە نزیکەوە ئاشنابوو بە کاروبارەکانیان. هاوکات گوێبیستی داواکاریی ستافەکەی بوو و بەڵێنی جێبەجێکردنی بەپێی توانا پێدان. دواتریش سەردانی بینای سەنتەری گورچیلەی دەستکردی کفرییان کرد کەلەلایەن خێرخوازێکەوە دروستدەکرێت و کارەکانی لە قۆناغی کۆتایی نزیک بووەتەوە. د. محەمەد ئازاد، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ستافی ئەو ناوەندە تەندروستیانەدا، جەختی کردەوە لەوەی بەپێی ئەو پلانەی دایانناوە، بەیەک ئاست برەو بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دەدەن لە سنوورەکەدا، هاوکات هەموو هەوڵێک دەدەن لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری دانیشتوانی دەڤەرەکە. پاشان بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، سەردانی مەڵبەندی تەندروستی ناحییەی سەرقەڵای کرد. لە نزیکەوە لە ئاستی خزمەتگوزارییەکان و کێشە و گرفتەکانی کۆڵییەوە. لایخۆشیانەوە ئیدارەی مەڵبەندەکە جەختیان لەوە کردەوە کە کارەکانیان بە باشی بەڕێوەدەچێت و سوپاسی بەڕێوبەری گشتییان کرد بۆ هاوکاریکردنی زیاتری مەڵبەندەکەیان.




بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان