ئیدارەی گەرمیان بە گرنگیەوە لە خانەقین و ناوچە کوردستانیەکانی تر دەڕوانێت و هاوکار دەبێت بۆ خزمەتکردنیان
ئەمڕۆ (١٢ی ئابی ٢٠٢٦) سەرۆکی شارەوانی خانەقین و بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای خانەقین، سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کرد و سەبارەت بە پرسی باشتر خزمەتکردنی قەزای خانەقین و ناوچە کوردستانیەەکان سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لەگەڵیاندا کۆبووەوە.
لەو سەردانەدا، هەریەکە لە بەڕێوەبەری کارەبا و سەرۆکی شارەوانی خانەقین، باسیان لە ووردەکاری ئیشوکارەکانیان کرد و داوایانکرد ئیدارەی گەرمیان زیاتر هاوکاریان بێت بۆ راییکردنی کارەکانیان و بەجێگەیاندنی ئەرک و پرۆژەکانیان.
لە بەرامبەردا، بەڕێز جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان تیشکی خستەسەر گرنگی خانەقین و ناوچە کوردستانییەکان و هەوڵەکانی ئیدارەی گەرمیان بۆ خزمەتکردنی ئەو ناوچانە، ووتیشی، ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، لە رێگەی دامودەزگاکانمانەوە توانیومانە خزمەت بگەیەنین بە خانەقین و ناوچەکانی دەوروبەری، بەتایبەت هەریەکە لە کارەبا و شارەوانی خانەقین رۆڵی باشیان هەبووە لە خزمەتکردنی ئەو سنورە.
هاوکات، ئامادەیی ئیدارەی گەرمیانی دووپاتکردەوە بۆ هاوکاریکردنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم لە خانەقین و دابینکردنی پێداویستیەکانیان لەپێناو باشتر خزمەتکردن بە خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی تر هاوسنوری ئیدارەی گەرمیان.
ئیدارەی گەرمیان



