سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان خانەوادەی ئەو گەنجەی بەسەرکردەوە کە لە رووباری سیروان خنکا
ئێوارەی ئەمڕۆ (٣١ی ئابی ٢٠٢٦) سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەیاوەری قایمقامی قەزای کەلار سەردانی ماڵی ئەو گەنجەی کرد کە لە چەند مانگی رابردوودا لە رووباری سیروان خنکا و تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
لەو سەردانەدا، بەڕێز جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، لە نزیکەوە پرسە و سەرەخۆشی بۆ خانەوادەکەیان دوپاتکردەوە و ووتی، ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان لە ناخەوە خەمباربووین بۆ ئەم رووداوە دڵتەزێنە و داواکارین خوای گەورە سەبوری و ئۆقرەییتان پێ ببەخشێت.
ووتیشی، لەیەکەم ساتی رووداوەکەوە سەرجەم دامودەزگا پەیوەندیدارەکان هاتونەتە سەر هێڵ و هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە بەڵام بەداخەوە نەدۆزراوەتەوە، سەڕەڕای ئەوەش بێ هیواش نەبوین و تا ئێستاش گەڕان بەدوای تەرمەکدا بەردەوامە و هیوادارین بدۆزرێتەوە.
لای خۆیەوە باوکی (احمد لوقمان) ئەو گەنجەی کە لە رێکەوتی (٢٠٢٦/٦/١٧) لە شاری کەلار لە رووباری سیروان خنکا، سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و قایمقمامی کەلاری کرد بۆ سەردانەکەیان و راشیگەیاند، ئێمە سوپاسی دامودەزگاکانی حکومەت و سەرجەم چین و توێژەکان و هاوڵاتیان دەکەین کە بەردەوام لە گەڕاندا بوون بۆ دۆزینەوەی تەرمی کوڕەکەمان و هاوبەشی خەممان بوون.
ئیدارەی گەرمیان





