بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بەڕێز مامۆستا محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان بە ئامادەبوونی بەڕێز سامان عومەر، بەڕێوەبەری خوێندنی ناحکومی لەگەڵ خاوەن و بەڕێوەبەری باخچە و خوێندنگا و پەیمانگا ناحکومییەکان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندنی لێکردن، دواتر داوای لێکردن کە پابەندی یاسا و رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە بن بە تایبەت یاسای ژمارە یەکی ساڵی ٢٠٢٦ کە تایبەتە بە یاسا و رێساکانی خوێندنی ناحکومی لە هەرێمی کوردستان.
دواتریش پەیامی بەڕێز وەزیری پەروەردەی گەیاندە قوتابخانە بنەڕەتییە ناحکومییەکان تا سوود لە پلاتفۆرمی قوتابخانەکەم وەربگرن بۆ ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ خوێندنگا و قوتابخانە حکومییەکان درووست بکەن.
دواتریش خاوەن و بەڕێوەبەری باخچە و خوێندنگا و پەیمانگا ناحکومییەکان سەرنج و تێبینییەکانیان خستەڕوو.
راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی گەرمیان
بەرێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى گەرمیان





