وەزیری پەروەردە بڕیاریدا سەرجەم پێداویستییەکانی قوتابخانەی لانەی بنەڕەتی جێبەجێ بکات
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێزان مامۆستا محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان و مامۆستا عەدالەت لەتیف، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار سەردانی قوتابخانەی لانەسیتییان کرد.
سەردانی ئەو بەڕێزانە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ کەسوکاری خوێندکاران و قوتابیان ناڕەزایەتییان دەربڕی لە بارەی خراپیی قوتابخانەكەوە.
هەر بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ بەڕێز دکتۆر ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیانی ڕاسپارد بە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانەكە لە زووترین کاتدا و بەڵێنیشیدا سەرجەم پێداویستییەکانی خوێندنگاکە بە زووترین کات دابین بکات بۆئەوەی خوێندکاران لە ژینگەیەکی سەلامەتدا بخوێنن.
هەربۆیەش بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە لە سەردانەکەیدا بۆ مامۆستایانی خوێندنگاکە و بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکە وتی “وەکو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان دوو پلانمان هەیە؛ پلانێکی درێژخایەن و پلانێکی کورتخایەن بەمشێوەیە:
یەکەم، پلانی کورتخایەن ئەوەیە لەم کاتەدا لەژێر ڕۆشنایی ڕاسپاردەی بەڕێز وەزیری پەروەردە، کە هەموو پێداویستییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی خوێندنگاکە ئێستا دابین بکرێت، ئەویش بە دوو شێوە:
١/ ئەم خوێندنگایەی کە ئێستا هەیە، لەبەر ئەوەی شوێنەکەی نزیکە لە ئاوەڕۆی سیتییەکە و سیتییەکانی دەوروبەر، بۆیە ژینگەکەی تەندروست نییە و مەترسیی هەیە، هەروەها لە کاتی بارانبارینیشدا مەترسیی لافاوی هەیە و لە ساڵانی ڕابردوودا لافاو گرتوویەتی، بۆیە هەرچەندە پێداویستییەکانیشی بۆ پڕ بکرێتەوە لە ئاست داواکاری و چاوەڕوانیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردە و گوندەکەشدا نییە.
٢/ ئەوەیە کە لە ناوەڕاستی گوندەکەدا شوێنێکی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەی پەروەردەیی هەیە، لەوێ بە هاوکاریی وەزارەتی پەروەردە بە دابینکردنی پێداویستییەکان، شوێنێکی گونجاو دروست بکرێت بە کابینەی مۆدێرن و شوێنێکی شایستە، تاوەکو قوتابیان و خوێندکاران بۆ ماوەیەکی کاتی لەوێ بمێننەوە.
دووەم، پلانی درێژخایەنیش ئەوەیە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان لەگەڵ نوسینگەی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەت، ئیدارەی گەرمیان، قایمقامیەتی قەزای کەلار و وەبەرهێنان ئەوپەڕی کاری جدی دەکرێت بۆ تەواوکردنی رێکارە ئیدارییەکان تا پڕۆژەی دروستکردنی بینای خوێندنگاکە لەناو گوندەکەدا لە لایەن كۆمپانیای جێبەجێكارەوە تەواو بکرێت بۆئەوەی لانەسیتیش وەکو هەموو گوند و سیتییەکانی تر خاوەنی قوتابخانەی خۆیان بن.
بەرێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى گەرمیان





