بابەتی بێناونیشان 5362

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی تشرینی یەکەم، بەڕێز مامۆستا محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە مامۆستایان و چالاکوان و رۆژنامەنوسان، بەشدار بوو لە دیدارێکی تایبەتی “یەکەی چاودێری حکومەتی خۆجێیی گەرمیان لە رادیۆی دەنگ”

تەوەری ئەمجارەی دیدارەکە تایبەت بوو بە قسەکردن لەسەر کەرتی پەروەردە، بۆیەش بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان لە سەرەتادا بەرنامە، پلان و دیدی تایبەتی پەروەردەی لە گەرمیان خستەڕوو.

دواتریش پێویستییەکانی باشترکردنی کەرتی پەروەردەی بۆ ئامادەبووان ڕوون کردەوە و باسی لە ئاستەنگ و لەمپەرەکان کرد بەتایبەت رەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی ساڵانی رابردوو کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کەرتی پەروەردە هەبووە.

پاشان ئامادەبووان هەریەکەیان کۆمەڵێک پرسیار، سەرنج و تێبینییان ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان کرد و ئەویش بە وردی وەڵامی هەموو سەرنجەکانی دایەوە.

لە کۆتاییشدا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی، داوای لە ئامادەبووان کرد، لە پێناو پێشخستنی کەرتی پەروەردە و خزمەتکردن بە منداڵان، قوتابیان و خوێندکارانی گەرمیان، هەموویان پێکەوە هاوکار و هەماهەنگی پەروەردە بن.

راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان





بەرێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى گەرمیان