بەشی منداڵانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان ئیدارەی گەرمیانیان بەسەرکردەوە.
ئەمڕۆ (پێنجشەممە)*بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی مافەکانی منداڵانەوە،سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان و لێپرسراوی بەشی منداڵان، پێشوازیان کرد لە ژمارەیەک لە منداڵانی بەشی منداڵانی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان.
منداڵانی بەشی منداڵان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان لەسەرەتای سەردانەکەیاندا چەپک و چڵە گوڵی خۆشەویستییان پێشکەش بە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان کرد، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیانیش کتێبێکی تایبەت بە جاڕنامەی مافەکانی منداڵانی پێشکەش بە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان کرد.
لە دیدارەکەیاندا ، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان کۆمەڵێک داواکاری و پڕۆژەی بەشی منداڵانی خستە ڕوو بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری منداڵانی سنووری گەرمیان، گرنگترینیان بریتی بوو لە:
گرنگیدان بە بوارەکانی پەروەردە، هونەر و وەرزش بۆ منداڵان.
دروستکردنی ڕێکخراوێکی تایبەت بە منداڵان و ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر هەروەها، پێکهێنانی بۆردێکی تایبەت بە پاراستنی منداڵان.
لای خۆیەوە، بەرێز (جەلال شێخ نوری )سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەیان دەربڕی و ڕایگەیاند: ئەرکی حکومەتە کار لەسەر پاراستن و جێبەجێکردنی مافەکانی منداڵان بکات، پشتگیریی تەواوی ئیدارەی گەرمیانی دەربڕی و بەڵێنی دا لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانیاندا کار لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بکەن.
ئەم سەردانە هاوکاتە لەگەڵ یادکردنەوەی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی منداڵان کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە و ڕۆژی 20/11 هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانیی منداڵان دیاریکراوە.
ئیدارەی گەرمیان





