ئیدارەی گەرمیان رێزلێنانیی بەخشیە گروپی ژیانەوەی سروشت
ئەمڕۆ (٢١ی تەمموزی ٢٠٢٦) لەدیوانی ئیدارەی گەرمیان، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بۆ کاروباری هونەری، پێشوازیکرد لەگروپی (ژیانەوەی سروشت) لە گەرمیان کە گروپێکی خۆبەخشن و کاریان پاکردنەوەی سروشت و گرنگیدانە بەلایەنیی ژینگەیی، لەبەرامبەر هەوڵە خۆبەخشییەکانیان و خزمەتکردنیان بە ژینگەی ناوچەکە، رێزلێنانی ئیدارەی گەرمیانی پێبەخشین.
لای خۆیەوە، رامیار عەبدولڕەحمان جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، رایگەیاند، ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان پشتیوانیی و پشتگیری هەر هەوڵێکی خۆبەخشی دەکەین، کەدواجار خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکات، بەتایبەت ئەو هەوڵانەی دەچنە خزمەتی پاراستن و چاککردنی ژینگە.
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، دەستخۆشی لە گروپی ژیانەوەی کوردستان کرد کە لەماوەی رابردوودا رۆڵیان هەبووە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی کە پێویستان بە پاککردنەوە بووە، ئامادەیی ئیدارەکەیشی پیشاندا بۆ هاوکاری و پشتیوانی بەردەوامیان، هاوکات خەڵاتی رێزلێنانەی ئیدارەی گەرمیانی پێبەخشین.
لەبەرامبەردا، گروپی ژیانەوەی سروشت سوپاسی ئیدارەی گەرمیانیان کرد لەپای بەهەند وەرگرتنی هەوڵەکانیان و پشتگیری و پشتیوانی بەردەوامیان، جەختیشیان کردەوە بەردەوام دەبن لە کار و چالاکییەکانیان لەپێناو پاکڕاگرتنی ژینگەی سنورەکە.
ئیدارەی گەرمیان





