بازدان بۆ ناوەڕۆک
garmianana
بۆ تاوتوێکردنی دۆخی نۆرینگەکان سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستان سەردانی گەرمیان دەکات بەمەبەستی بەدواداچوونی ئەو کێشانەی پەیوەست بە نۆرینگە ئەهلییەکانی کارمەندانی تەندروستی هەن، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ د. محەمەد ئازاد- بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، پێشوازیی لە جەبار محەمەد- سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی کوردستانى کرد. لە کۆبوونەوەیەکدا لە دیوانی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان بە ئامادەبوونی سەرۆک و ستافی لقی گەرمیانی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی و ژمارەیەک لە لێپرسراوی بەشەکانی دیوانی بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان، گفتوگۆ کرا لەبارەی ئەو کێشانەی پەیوەست بە کارکردنی کارمەندانی تەندروستی لە نۆرینگە ئەهلییەکاندا هەن و لەوبارەوە جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییەکان کرایەوە. پاشان پێکەوە سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان کرد و لەگەڵ بەڕێز جەلال شێخ نوری- سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیاندا کۆبوونەوە. لەکۆبوونەوەکەدا هەمووان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کار بە یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان بکرێت، لەوبارەوە دەبێت دەرمانخانەکان تەنها لەلایەن پزیشکی دەرمانسازەوە بەڕێوەببرێن. هەروەک کارمەندانی تەندروستی بە پسپۆڕییە جیاوازەکانەوە، ڕێگەپێدراون کە نۆرینگەی تەندروستییان هەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت ناونیشان و جۆری ئەو کارەی پێشتر ئەنجامیانداوە بەناوی دەرمانخانە، بگۆڕن بۆ نۆرینگە. بەشداران جەختیان لەوەکردەوە، ئەو یاسا و ڕێنماییانەی لەئارادان، بەمەبەستی ڕێکخستنی کاروبارەکانی پەیوەست بە دەرمانخانە و نۆرینگەکانە و پێویستە بەدرووستی جێبەجێ بکرێن، چونکە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا دەرکراون، هاوکات ڕەچاوی مافی کارمەندانی تەندروستی پەیوەست بەم بوارە دەکرێت. لەبارەی مۆڵەتی نۆرینگە و دەرمانخانە ئەهلییەکانیشەوە، جەخت کرایەوە لەوەی کە دەبێت هەموو ناوەندێکی ئەهلی کە کاری تەندروستی دەکات وەکو نۆرینگە،دەرمانسازان، چاویلکەسازان، دانسازان و… هتد، مۆڵەت لە بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان دەربهێنن و بۆ ئەم مەبەستەش لە هەفتەی داهاتووەوە ڕێکارەکان دەستپێدەکات.
بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان
ئاب 13, 2026