بابەتی بێناونیشان 4460

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ـی ئاب، بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەڕێزان مامۆستا محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان و مامۆستا عەدالەت لەتیف، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار، لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرجەم قوتابخانە بنەڕەتییەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەلار بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێز مامۆستا محەممەد بە وردی تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ و ئەو کارانەی کە پێویستە بکرێت بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، بە تایبەتیش تیشکی خستە سەر خولی راهێنانی مامۆستایان کە بۆ ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو، بەشداریکردن تیایدا ئارەزوومەندانە نییە و پێویستە هەموو مامۆستایان بە بەڕێوەبەر و کارگێڕی قوتابخانەکانیشەوە بەبێ جیاوازی بەشداری تێدا بکەن.

دواتریش بەڕێز مامۆستا عەدالەت تیشکی خستە سەر هەندێک لە وردەکارییەکانی دەوامی رۆژانەی قوتابخانەکان و داوای لە بەڕێوەبەڕە بەڕێزەکان کرد کە هەرچی لە توانایاندا هەیە لەگەڵ مامۆستایانی قوتابخانەکانیان بیکەن بۆئەوەی خوێندکاران لە کەشێکی تەندروست و ئارامدا دەوامی رۆژانەیان بەڕێ بکەن و دوور بن لە هەر کێشەیەکی رۆژانە.

پاشان بەڕێزان بەڕێوەبەری قوتابخانەکان سەرنج و تێبینییەکانی خۆیانیان خستەڕوو.

راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان





بەرێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى گەرمیان