بابەتی بێناونیشان 4490

ناوەندی تۆماری کارتی نیشتمانی لە گەرمیان لە قۆناغی کۆتاییدایە و بەم زوانە دەکرێتەوە

لە پێناو هەوڵەکان بۆ ئاسانکاریکردن لە ڕاپەڕاندنی مامەڵەی هاوڵاتیان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە یاوەری قایمقامی قەزای کەلار، سەردانی پڕۆژەی بینای ناوەندی تۆماری کارتی نیشتمانییان لە کەلار کرد. لە سەردانەکەدا بەئامادەبوونی بەڕێوەبەری رەگەزنامە و باری شارستانی گەرمیان، سەرجەم بەشەکانی بینای ناوەندەکەیان بەسەر کردەوە و پشتیوانی تەواوی ئیدارەکەی بۆ زوو تەواوکردن و بەگەڕخستنی پڕۆژەکە دووپات کردەوە.

لە ئێستادا زۆربەی کارەکانی ئامادەکردنی بینای ناوەندی تۆماری کارتی نیشتمانی لە قۆناغی کۆتاییدایە و کە پێداویستییەکانی ناوەندەکە لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت (بەڕێز قوباد تاڵەبانی) و ئیدارەی گەرمیانەوە دابین کراون. هەروەها ئامێر و ئامرازە تەکنیکییەکان ئامادەن و تەنها بەستنەوەی کۆتاییان لەلایەن تیمی پسپۆڕی بەغداوە ماوە کە بەم زوانە ئەنجام دەدرێت.

لەو سەردانەدا، بەڕێز جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئامادەیی ئیدارەی گەرمیانی پیشاندا بۆ هاوکاری و هەماهەنگی زیاتر و کارکردن بۆ دابینکردنی میلاکی پێویست بۆ ئەم فەرمانگە نوێیە.

کردنەوەی ئەم ناوەندە دەستکەوت و ئاسانکارییەکی گەورە بۆ هاوڵاتیانی سنوری ئیدارەی گەرمیان دەسەبەر دەکات بەتایبەت ئەو هاوڵاتیانەی نفوسیان سەر بە ناوچەکانی کەرکووک، خانەقین و مادەی 140ە لێرە بەدواوە دەتوانن بێ ئەوەی ئەرکی سەردانیکردنی بنکەکانی دەرەوەی گەرمیان بکەن ، تەواوی مامەڵەکانی دەرهێنان و نوێکردنەوەی کارتی نیشتمانی بۆ خۆیان و خێزانەکانیان هەر لە شاری کەلار جێبەجێ بکەن.





ئیدارەی گەرمیان