ئانزو فاوندەیشن دوو خوێندنگا لە کفری نۆژەن دەکاتەوە
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ـی ئاب، بەڕێز ئەندازیار محەممەد عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری پرۆژەکان لە ئانزو فاوندەیشن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی گەرمیانی کرد و لەلایەن بەڕێز مامۆستا محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیانەوە پێشوازی لێکرا.
دواتریش پێکەوە سەردانی قەزای کفرییان کرد و لەوێش لەگەڵ بەڕێز مامۆستا شێرکۆ ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی کفری، هەریەک لە ئامادەیی پیشەیی کفری و قوتابخانەی سۆرانی بنەڕەتییان بەسەرکردەوە کە ئێستا بینایەکانیان پێویستی زۆریان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
لەو بەسەرکردنەوەیەدا بەڕێز محەممەد عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری پرۆژەکان لە ئانزو فاوندەیشن بەڵێنیدا کە لەسەر ئەرکی دامەزراوەکەیان هەریەک لەو دوو خوێندنگایە بە شێوەیەکی جوان و مۆدێرن نۆژەن بکەنەوە.
بەڕێزیان بەڵێنی ئەوەشی دا کە ئەمە یەکەم و دواین کاری دامەزراوەکەیان نابێت و لە داهاتوودا کاری زۆرتر و گەورەتر بۆ سنورەکە ئەنجام دەدەن.
دواتریش هەریەک لەو بەڕێزانە پێکەوە سەردانی قایمقامیەتی قەزای کفرییان کرد و لەلایەن بەڕێز ساهر عەلی، قایمقامی قەزاکەوە پێشوازییان لێکرا، لەوێش گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەر و پرۆژەیەک کرا داوا لە ئانزو فاوندەیشن کرا پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی بگەیەنێتە قەزای کفری، چونکە لە ئێستادا پێویستی زۆریان پێیانە.
راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان
بەرێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى گەرمیان





