بابەتی بێناونیشان 4774

زەنگی خوێندنی ساڵی نوێ لە قوتابخانەی بنەڕەتی گەشە لێدرا

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ـی ئەیلول، بە ئامادەبوونی بەڕێزان جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، مامۆستا محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان، عارف عادل، قەیمقامی قەزای کەلار و مامۆستا عەدالەت لەتیف، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار و ژمارەیەک لە سەرپەرشتیاران و مامۆستایان لە قوتابخانەی بنەڕەتی گەشە لە قەزای کەلار یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا.

لە مەراسیمەکەدا بەڕێز مامۆستا محەممەد ئەحمەد وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا پیرۆزبایی لە سەرجەم مامۆستایان و خوێندکاران و قوتابیان کرد بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنەوە.

دواتر باسی لە ئامادەکارییەکان بۆ ساڵی نوێ کرد و وتی، بۆ ئەمساڵی خوێندن گرنگیدان بە ژینگه لە پێشینەی کارەکانی مامۆستایان دەبێت.

سوپاس و دەستخۆشیشی لە سەرجەم مامۆستایان کرد کە ئامادەکاری تەواو و پێویستیان کردووە بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن.
داواشی لە حکومەت و ئیدارەی گەرمیان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هاوشان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە گرنگی تەواو بە کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە سنورەکە بدەن.

دواتریش بەڕێز جەلال شێخ نوری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی تەواوی داوە بە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵاو هەمیشە لەسەر ئەو رێچکەیەش بەردەوام دەبێت.
سوپاسی دایکان و باوکانیشی کرد لەوەی کە هەمیشە گرنگییان داوە بە جگەرگۆشەکانیان و نەیانهێشتووە لە پرۆسەی پەروەردە و خوێندن داببڕێن.
وتیشی، ئومێدەوارین لە بودجەی ٢٠٢٧ی هەرێم ، پشکی شێر بەر کەرتی پەروەردە و خوێندن بکەوێت بۆ بوژانەوەی زیاتری ئەو کەرتە.

دواتریش یەکەم زەنگی نوێی خوێندن لێدرا و خوێندکاران چوونە نێو پۆلەکانیان بۆ خوێندنی یەکەم وانەی ساڵی نوێ.

راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان





بەرێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى گەرمیان