بازدان بۆ ناوەڕۆک
garmianana
ئامێرێکی مامۆگرافی بۆ نەخۆشخانەی ڕزگاریی دابیندەکرێت لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانەوە ئامێرێکی مامۆگرافی بۆ نەخۆشخانەی گشتی شەهید د. قاسم لە قەزای ڕزگاریی دابینکرا و بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیانیش جەختدەکاتەوە کە بەردەوام دەبن لە دابینکردنی پێداویستییەکانی نەخۆشخانەکە. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، د. محەمەد ئازاد، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، باهاوەڵی شاندێکی دیوانی بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکە، سەردانی نەخۆشخانەی گشتی شەهید د. قاسمی کرد لە قەزای ڕزگاریی. سەردانەکە هاوکات بوو بە دابینکردنی ئامێرێکی نوێی مامۆگرافی تایبەت بە پشکنینی مەمک، کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانەوە بۆ نەخۆشخانەکە دابینکراوە. لەسەردانەکەدا، بەڕێوبەری گشتی لەگەڵ بەڕێوبەر و ستافی نەخۆشخانەکەدا کۆبوویەوە و لەنزیکەوە ئاگاداری ئاستی خزمەتگوزارییەکان و کيشە و گرفتەکان بوو. د. محەمەد ئازاد، جەختی کردەوە لەوەی بەردەوام دەبن لە دابینکردنی پێداویستی نەخۆشخانەکە و فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی، بۆ ئەوەی شایستە بێت بە قوربانییدانی خەڵکی قەزاکە. هاوکات سوپاسی بەڕێوبەر و ستافی نەخۆشخانەکەش کرد کە دڵسۆزانە کاردەکەن بۆ برەودان بە کاروبارەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی نوێ و گشتگیر.
بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان
تشرینی یەکەم 7, 2026