بابەتی بێناونیشان 5176

وەفدێکی بەرەی تورکمانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیانی کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی تشرینی یەکەم، وەفدێکی بەرەی تورکمانی سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیانی کرد و لەلایەن بەڕێوەبەری گشتییەوە پێشوازییان لێکرا.

مەبەست لە سەردانەکە، گەیاندنی پەیامی سوپاس و پێزانینیان بوو بۆ بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی گەرمیان، لەپای ئەو هەوڵانەی خستوویانەتە گەڕ بۆ درووستکردنەوەی هەریەک لە قوتابخانەی شەهید محەمەد قورقماز، باخچەی ساوایانی خونچەگوڵ و قوتابخانەی قەرەئۆغڵان. لە بەرامبەر ئەم کارانەشدا، وەفدی میوان قەڵغانێکی ڕێزلێنانیان پێشکەش بە بەڕێوەبەری گشتی کرد.

لە بەرامبەردا، بەڕێز مامۆستا محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی، وێڕای بەخێرهێنانی وەفدەکە، جەختی لەوە کردەوە کە خوێندنی تورکمانی شانبەشانی خوێندنی کوردی جێگەی بایەخی ئێمەیە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە پێکهاتەکانی کوردستان بە جیاوازیی زمان، نەتەوە و ئایینەوە، هەموویان ڕۆڵەی یەک کوردستانن و هیچ جیاوازییەک لە نێوانیاندا نییە.

باسی لەوەش کرد، پێکەوە دەتوانین وێنەیەکی جوان پیشان بدەین کە کوردستان ماڵی هەموومانە، بۆیە پێویستە هەموومان ڕێز لە پیرۆزییەکانی ئەم گەلە، خوێنی شەهیدان و نیشتمانەکەمان بگرین.

جێی باسە لە دوای راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ٩١، یەکەم قوتابخانەی تورکمانی لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال بە ناوی “قەرەئۆغڵان” لە ساڵی ١٩٩٣ لە قەزای کفری دامەزرا.

راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان





بەرێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى گەرمیان