بازدان بۆ ناوەڕۆک
garmianana
بەڕێوبەری تەندروستی گەرمیان: ڕێگرییکردن لە شێرپەنجەی مەمک پێویستی بە هەوڵی هەمەلایەنە هەیە بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان ئاشکرای دەکات کە ٣ ئامێری تایبەت بە پشکنینی مەمک بۆ ژنان لە سنوورەکەدا بەردەستخراوە، جەختیش دەکاتەوە ڕێگرییکردن لە نەخۆشییەکە پێویستیی بە هەوڵی هەمە لایەنە هەیە. سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، بەشداریی لە چالاکییەکدا کرد بەناوی “لەقەڵای شێروانەوە، هیوایەک بۆ ژیان”کە لقی گەرمیانی یەکێتی ژنانی کوردستان لەبارەی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمکەوە ئەنجامی دابوو، ئەمەش هاوکات بە مانگی ئۆکتۆبەر (تشرینی یەکەم) کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە بە مانگی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە دەستنیشان کراوە. لە وتارێکدا کە لە مەراسیمەکەدا پێشکەشیکرد، د. محەمەد ئازاد، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان، ئاماژەی بەوەکرد کە بەپێی داتا فەرمییەکان، شێرپەنجەی مەمک لە بەربڵاوترین جۆری نەخۆشییەکانی شیرپەنجەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان. جەختی لەوەشکردەوە: کە بەربڵاوبوونی نەخۆشییەکە پێویستی بە هەوڵی هەمە لایەنە هەیە، بەشێوەیەک حکومەت و کۆمەڵگا پێکەوە کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی بکەن. لەبواری خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیشدا، ئاماژەی بەوەکرد کە لە هەرسێ قەزاکەی گەرمیان (کەلار، کفری و ڕزگاریی)، ئامێری مامۆگرافی تایبەت بە پشکنینی مەمک دانراون، کە ڕۆڵی دەبێت لە چاودێریی ژنان و دەستنیشانکردنی پێشوەختەی نەخۆشییەکەدا. داواشی لە ژنان کرد کە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشییەکەدا بکەن. دواتر هەر لە چالاکییەکەدا، د. ناز نەوزاد، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی مەمک، بابەتێکی زانستی پێشکەشکرد و بە وردیی لەسەر نەخۆشیی شیرپەنجەی مەمک و نیشانەکان و چۆنیەتی خۆپارێزیی لێی، قسەی کرد. دواتر پانێڵێک لەلایەن پەرستاری کارامە تاڤگە کەریمەوە پێشکەشکرا، بە بەشداریی د. پگاهـ سەیدی- پسپۆڕی دەروونی، م. مەلا جاسم کەلاریی- مامۆستای ئاینی و سیروان ئەحمەد- ڕاهێنەری پێشکەوتووی گەشەپێدانی مرۆیی. تیایدا بە وردیی باسییان لە لێکەوتە دەروونی و کۆمەڵایەتی و تەندروستییەکانی نەخۆشییەکە کرد و تیشکیانخستە سەر ڕۆڵی کۆمەڵگا لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە و پاڵپشتی تووشبوان.
بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان
تشرینی یەکەم 18, 2026