بابەتی بێناونیشان 4549

بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی گەرمیان سەردانی قەزای کفری کرد

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٣١ـی ئاب، بەڕێز مامۆستا محەممەد ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان بە ئامادەبوونی بەڕێز مامۆستا شێرکۆ ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی کفری و مامۆستا محەممەد شکور، سەرپەرشتیاری یەکەمی بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی کفری لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی بەڕێوەبەرێتییەکە لەگەڵ بەڕێوەبەری سەرجەم باخچە و قوتابخانە بنەڕەتییەکانی سنوری پەروەردەی کفری کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە پیرۆزبایی لە مامۆستایانی بەڕێز کرد بەبۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن و هیوای ساڵێکی خۆش و ئارامی بۆ خواستن.

دواتریش تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندن و ئەو گۆڕانکارییانەی کە بۆ ساڵی نوێ کراوە.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی، تیشکی خستەسەر خولی راهێنانی مامۆستایان و جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە سەرجەم بەڕێوەبەر و یاریدەدەر و مامۆستایان لەو خولەدا بەشدار بن .

دواتریش بەڕێز مامۆستا شێرکۆ ساڵح، باسی لە وردەکارییەکانی خولەکە بۆ مامۆستایانی بەڕێوەبەر کرد و داوای لێکردن کە خۆیان و یاریدەدەر و مامۆستاکانیشیان بەشداری لە خولەکەدا بکەن و گرنگی تەواوی پێبدەن.

پاشان بەڕێزان بەڕێوەبەری باخچە و قوتابخانەکان داواکاری و سەرنج و تێبینییەکانیان خستەڕوو.

راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان





بەرێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى گەرمیان